کۆردستان باس - كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەقی ئەو نوسراوەی بڵاوكردەوە كە سەبارەت بە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.
لە نوسراوەكەدا باس لەوە كراوە هەموو تانەكانی هەڵبژاردن (41 تانە هەبوو) رەتكراونەتەوەو ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندكردووە.
كۆمسیۆن هاوپێچ لەگەڵ نوسراوەكەیدا، لیستی ناوی ئەوانەی رەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێم كردووە كە سەركەوتوون بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
كۆمسیۆن دوێنێ نوسراوەكەی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم ناردووە، بەگوێرەی یاسای بەركار، نێچیرڤان بارزانی بەرپرسی هەرێم لە ئەمڕۆوە تاوەكو (10) رۆژ مۆڵەتی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی خولی نوێی پەرلەمان بانگهێشت بكات بۆ سازدانی یەكەم دانیشتن، خۆ ئەگەر نێچیرڤان بارزانیش ئەم كارە نەكات، ئەوا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە رۆژی یانزەیەمی ئەم وادەیەدا، دەبێت پەرلەمان یەكەم دانییشتنی خۆی سازبدات.
دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند"بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرپرسی هەرێمی کوردستان فەرمان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەردەکات".