کۆردستان باس - ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا كە ئاڕاستەی هاوڵاتیانی كەركوكی كردووە دەڵێت:
لە كۆبونەوەكەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، نوێنەرانی حكومەتی هەرێممان لەگەڵ بوو، رێككەوتین لەسەر ئەوەی ئەو سەرژمێرییە بە زامنكردن یاخود جێبەجێكردنی مادەی (140) دانانرێت، با هەمووان مێشكی خۆیان ساف بكەن.
بەم كارەی ئەیكەن بە هێنانی خێزانەكان لە سلێمانی و هەولێرەوە بۆ كەركوك، دەلالەت لەوە دەكات ئەمانە لە بنەڕەتدا خەڵكی كەركوك نین، ئەگینا بۆ لە كەركوك نیشتەجێنین و لەماڵ و حاڵی خۆیان دانەنیشتون.
بە حزبە كوردستانییەكان دەڵێم ئەوە بزانن پرۆژەی لكاندنی كەركوك بە هەرێمی كوردستانەوە كۆتایهات و بیری لێمەكەنەوە.
لێگەڕێن خەڵكی كەركوك لە ئاسایش و ئارامیدا بژی، ئێوە هەموو رێگایەكتان تاقیكردەوەو نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، بەڵگەش راپرسیە شكستخواردووەكەتانە.
فێڵ لەگەلی كورد مەكەن بەم كارانە، لەبری ئەوە خزمەتیان بكەن، ئێوە ناتوانن موچەیان بۆ دابین بكەن، هەموو مانگێك لە لە بەغداد دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی موچەتان بداتێ.
جارێكی تر داوا لە حزبە كوردیەكان دەكەم هۆش بێننەوە بەر خۆیان، ئێوە جارێك هەڵەیەكتان كرد و نەگەیشتنە ئەنجام، جگە لەوەی پێكهاتەكانی كەركوكتان لێكترازان.
پێتان دەڵێم، ئێمە لەگەڵ وەزیری پلاندانان و سەرۆك وەزیران رێككەوتوین، تەنها ئەوانەی لەكەركوك نیشتەجێن خەڵكی كەركوكن، ئەگەر سەد جاریش تۆماریان بكەن فێڵیان لێدەكەن.