کۆردستان باس - گیدون سعار، وەزیری نوێ دەرەوەی ئیسرائیل داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد و دەروزەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، دەڵێت، "کەمینەکانی ناوچەکە پێویستیان بە یەکگرتنە و گەلی کورد نەتەوەیەکی گەورەیە، یەکێکە لەو گەلە گەورانەی کە سودمەند نییە لە سەربەخۆیی سیاسی، ئەوان هاوپەیمانی سروشتی ئێمەن".
گیدون سعار ئەمڕۆ یەكشەممە لە مەراسیمی وەرگرتنی پۆستەكەی وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، "پێویستە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ پێکهاتەکانی کورد و دەروز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بكەن و کەمینەکانی ناوچەکە پێویستیان بە یەکگرتنە".
کورد قوربانی ستەمی ئێران و تورکیایە
ئاماژەی بەوەشكرد، گەلی کورد نەتەوەیەکی گەورەیە، یەکێکە لەو گەلە گەورانەی کە سودمەند نییە لە سەربەخۆیی سیاسی، ئەوان هاوپەیمانی سروشتی ئێمەن، کورد قوربانی ستەمی ئێران و تورکیایە، ئیسرائیل پێویستە دەستی درێژ بکاتەوە و پەیوەندی سیاسی و ئەمنی لەگەڵیان پتەوتر بکات".
دەروزەكان هاوبەشی خۆمانیان دەزانین
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەشكرد، "دەروزەكانیش لە سوریا و لوبنان بە هاوبەشی خۆمانیان دەزانین و پێویستە لەوە تێبگەین کە لە ناوچەكەدا هەمیشە کەمینەكان هاوپەیمانیی سروشتی کەمینەکانی دیکەن".
ئەوەشیخستەڕو، ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا، دەستکەوتەکانی لە شەڕی دژ بە بەرەی ئێران، وای لێدەکات ببێتە یاریزانێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی گرنگتر لەوەی کە هەبوە.