کۆردستان باس - ڕۆژنامەنووسێكی هەرێمی كوردستان كە ماوەیەكە لە دەرەوەی وڵات دەژی، پیلانێكی گەورەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ساختەكارییەكی گەورەی ئەلیكترۆنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت كە رەتكردنەوەی پرۆژەی هەژماری منیش بەشێكە لەو پیلانە.
هێمن حسێن، رۆژنامەنووس، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسینێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە زانیاریی دروست و ورد لەبەردستدان، کە بافڵ تاڵەبانی لە چوارچێوەی ڕێكکەوتنێکی سیاسی و هەواڵگری لەگەڵ وڵاتێكی ئیقلیمی و میلیشیاكاندا، دەزگای زانیاریی حزبەکەی ڕاسپاردووە بە ئامادەکاری و ئاسانکاری بۆ هەڵمەتێکی گەورەی ساختەکاریی ئەلیکترۆنی لە ڕۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئەوەشی دركاند كە بۆ ئەو مەبەستە لە شاری سلێمانی و لەناو شوێنی مانەوەی خودی بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان دەزگای هەواڵگریی سەر بە وڵاتێكی ئیقلیمی و دەزگای زانیاریی یەكێتیدا پێکهێنراوە و ئەرکیان ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی ئەو هەڵمەتی ساختەکارییەیە کە بە نیازن لە 20ی ئۆكتۆبەری 2024 لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە بە چڕی ئەنجامی بدەن و ”ڕەنگە پیلانەکەیان بە شێوەی جوزئی ناوچەکانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆکیش بگرێتەوە.
هێمن حسێن ئەوەشی دركاندووە كە بە گوێرەی پیلانەكە، دەیانەوێت لە ڕێگەی هاککردنی زانیارییە کەسییەکانی ناو پڕۆژەكانی هەژماری من و تەوتین و هەروەها تۆماری دەنگدەرانەوە کە لای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە، ساختەکاری بۆ زیادکردنی دەنگەکانی یەکێتی ئەنجام بكەن. دەشڵێت: ڕەنگە باسکردن و ورووژاندن و ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی هەژماری من لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، کە لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردندا داوای لە خەڵک کرد، کە بەشداریی هەژماری من نەکەن و لە لایەکی تریشەوە و بە نهێنی لە دامودەزگا حکوومییەکانی سنووری زۆنی سەوز، فشار لە مووچەخۆران و فەرمانبەران دەکرێت، کە بەشداریی لە هەژماری من بکەن! بەشێك بێت لە پیلانەكە.
دووپاتیشی كردۆتەوە: ئەمە خۆی لە خۆیدا گوماناوییە و ڕەنگە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و پارتی بێت و مەبەستی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی بۆ شێواندنی وێنە ڕاستەقینەکەیە، تا لەو ڕێگەیەوە وانیشان بدەن کە ئەوان هەژماری من ڕەت دەکەنەوە، گوایە لە سوودی پارتییە، بەڵام لە ڕاستیدا هەوڵی دزینی زانیارییە کەسییەکانی خەڵک و هاککردنی سیستەمەکەی دەدەن و دەیانەوێت بۆ ساختەکاری لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەکاری بهێنن!
هەر لەو نووسینەیدا، هێمن حسێن باسی لەوەش كردووە كە بەپێی پیلانە، دەزگا هەواڵگرییە ئیقلیمییەكە و دەزگای زانیاریی یەكێتی و میلیشیاكان، نەك تەنیا هەوڵی زیادكردنی دەنگ و كورسیی یەكێتی دەدەن، بەڵكوو دەیانەوێت یاری بە ئەنجامی دەنگ و کورسیی لایەنەکانی تریشەوە بکەن و بە جۆرێک کۆنتڕۆڵی دابەشبوونی کورسییەکان بەسەر لایەنەکاندا بکەن، کە ئەنجامەکان بەسەر سێ جەمسەردا ،جەمسەری پارتی و جەمسەری یەکێتی و جەمسەری سێیەم، کە تائێستا نادیارە دابەش ببن. بە جۆرێک هیچ کام لە جەمسەری پارتی و یەکێتی نەتوانن بەبێ جەمسەری سێیەم زۆرینەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەست بهێنن! بۆیە پێیوایە ئەمە گەمەیەکی زۆر مەترسیدارە، کە ئەگەر بێت و ئەنجامەکەی بەو شێوەیە کۆتایی بێت کە سیناریۆی بۆ داڕێژراوە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە بەشی دووەمی پیلانەکەی ئێران و میلیشیاکاندا، تەنانەت ڕەنگە یەکێتییش لە گەمەکە بکەنە دەرەوە و ئەو کات هەوڵی نانەوەی پشێوی و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و شەڕی ناوخۆ دەدرێت!
هاوكات نایشارێتەوە كە دەیانەوێ ئەنجامی هەڵبژاردن بە جۆرێك بێت كە لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەی سیاسیی ناوخۆیی ببێت و لەم ڕێگەیەشەوە هەرێمەكە لاواز بكەن و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بدەن!
ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هیچ حزبی و لایەنێکی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی و حکومڕانیی کوردستاندا نییە، جگە لە پارتی، کە بتوانێت ڕێگریی لە پیلانە بکات! بۆیە دەبێت پارتی شانی بەرپرسیارێتی بخاتە ژێر ئەم بارە قورسە و نەک هەر هەوڵی پارێزگاری لە کورسییەکانی بدات، بەڵکوو دەبێت بەوپەڕی توانایەوە لە ڕێگەی سیاسی و دیبلۆماسی و تەنانەی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەکانییشیەوە هەوڵی ڕێگری و شکستپێهێنانی ئەو پیلانە مەترسیدارە بدات، کە ئامانجەکەی نەک تەنیا لاوازکردنی پارتی، بەڵکوو لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
لە كۆتاییشدا دەڵێت: من وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی سەرشانم، تەنیا زانیارییەکانم بە ئێوە گەیاند، ئیدی ڕاستی و بەدواداچوون و لێکەوتە و ئەنجامەکانی لە داهاتوودا دەردەکەوێت. گرنگ ئەوەیە کوردستان ئاوەدان و ئارام بێت.