کۆردستان باس - دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە کوشتنی هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکردووە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجەشممە 3ی تشرینی یەکەم هەواڵی ئەوەمان پێ گەیشت کە هاوڵاتیەک لەگوندی کۆرەکی نزیک شاری هەولێر کوژراوە.
ئاماژە بەوەکراوە، بۆ ئەم مەبەستە تیمی دەستە بەدوا داچونی کرد دەرکەوت کە هێزێکی زیرەڤانی بۆ مەبەستی لابردن و ڕێگری کردن لەدەست بەسەرداگرتنی زەوی و بەکارهێنانی لەلایەن خەڵکەوەو کۆنتڕۆڵ کردنی سەرپێچی واتە تجاوزات چوونەتە ئەو گوندە دوای گەیشتنیان و ئەو گەنجەکەیان کوشت کە بە نێو مەزرەعەکانی بەرپرسان ڕۆیشت بوو.
هیوا سەید سەلیم، چالاکوان و چاودێری سیاسی، لەبارەی ئەو گەنجەی دوێنێ شەو بەهۆی دروستکردنی خانوو لە کۆمەڵگەی کۆرەک بە دەستی هێزەکانی زێرەڤانی پارتی کوژرا نوسیوویەتی:
ئەو ھێزەی دوێنێ گەنجەکەیان کوشت بە نێو مەزرەعەکانی بەرپرسان ڕۆیشت بوو.
ھەر بەجدی ئەوە پرسیارە ھێزێک کە بە حسابی خۆیان دژی تەجاوز و کاری نایاسایین چاویان ئەو ھەموو باغ و ڤێلایەی بەرپرسانی نەبینی کە لە ئەملاو ئەو لای ئەو ڕێگایە دروستکراوە کە بۆ گوندی کۆرەک دەچێت؟
رۆژێکیان چەند ھاوڕێیەک پیاسەیەکی دەرەوەی شارمان کرد لە نێو سەیارەکەم گفتوگۆ گەرم بوو ھەمووان دەیان پرسی ئایا خەباتیان بۆ ئەو رۆژگارە کرد؟ قسە لەسەر نادادی بوو، من کە شوفێریم دەکرد یەکسەر لەسەر ئەو رێگایە لامدا کە دەچێتە ناو ئەو باغ و مەزرەعانە، کرمانج عەوێنە یادی بەخێر پرسیاری کرد بۆ ھاتییە ئێرە دەزانی ئەو رێگایە بۆ کوێ دەچێت؟
ھاتووم تا ئێوەی پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری کۆژراوان زیاتر خەفەت بەوە بارودۆخە بخۆن کە بە چاوی خۆتان دەیبینن.
بڕواتان ھەبێت مەزرەعەی لێ نەبوو کە کەمتر بێت لە 10 دۆنم زەوی، دیواری زۆربەیان دوو مەتر بەرز بوو موەلیدەی تایبەت لەبەر دەرگا، پاسەوانی بەردەرگا لەسەر حیسابی پێشمەرگەی داماو، ئەو شوێنە ھیچ لە ھەولێر نەدەچوو، کە ئەو پۆستە دەنووسم پێمخۆشە ھەمووتان سەردانێکی ئەو رێگایە بکەن کە بەرەو گوندی کۆرەک دەچێت، جا دەبینن لە ھەرێمی کوردستان چ نادادیەک ھەیە.