لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی هه‌ریمی کۆردستان عێراق و ناوچه ئابوری کۆمه‌ڵایه‌تی تێبینی

کارنامەی لیستی یەکێتی ١٢٩ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Sep 27th, 2024 9:15AM
mdi-download
سەرجەم سێکتەرەکانی سیاسی و دیپلۆماسی و کارگێڕی و ئابوری و کەسوکاری کۆژراوان و ئەنفالکراوان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و ناوچە دابڕێندراوەکان و ماددەی ١٤٠ و سێکتەری ئاسایش و پێشمەرگە و گەنجان و رۆشنبیری و هونەری و پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری و گەشتوگوزار و پیشەسازی و وزە و وەرزشی و گرنگیدان بە ژنان و ژینگەپارێزی و کرێکاران و کاسبکاران و پیشەوەران و پرسی کۆچبەران لەناو ئەم کارنامە دایە.

کۆردستان باس - یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری خۆی بۆ دەنگدەران دەخاتەروو کە سەرجەم سێکتەرەکانی سیاسی و دیپلۆماسی و کارگێڕی و ئابوری و کەسوکاری کۆژراوان و ئەنفالکراوان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و ناوچە دابڕێندراوەکان و ماددەی ١٤٠ و سێکتەری ئاسایش و پێشمەرگە و گەنجان و رۆشنبیری و هونەری و پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری و گەشتوگوزار و پیشەسازی و وزە و وەرزشی و گرنگیدان بە ژنان و ژینگەپارێزی و کرێکاران و کاسبکاران و پیشەوەران و پرسی کۆچبەران تێدایە.

دەقی بەرنامەی لیستی یەکێتی...

بەرنامەی لیستی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارە ١٢٩
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ٢٠٢٤

هەرێمی کوردستان لەڕووی سامانی سروشتی و گەشتیاری و کشتوکاڵییەوە خاوەن خاکێکی بەپیت و دەوڵەمەندە و ئەم تایبەتمەندییانەش کۆڵەکەی بونیاتنانی نیشتمانێکی ئاوەدان و خۆشگوزەران و پێشکەوتوون، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی لادان لە پرەنسیپەكانی هاوبەشێتی لە حكومەت و سەرکێشی سیاسیی و ئیدارەدانی نادروست و نادادپەروەر، ئەم هەرێمە، لە سەرجەم بوارەکاندا پاشەکشەی کردووە و رووبەڕووی جۆرەها مەترسی جددی بووەتەوە، رۆژ لەدوای رۆژیش ژیانی هاوڵاتیان بەرەو خراپی و سەنگی هەرێمەکەشمان بەرەو لاوازی دەچێت، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و باشکردنی بژێوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی، ئەرکی مێژوویی خۆی رادەپەڕێنێت و بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەرنامەیەکی هەمەلایەن و گشتگیری بۆ سەرجەم سێکتەرەکان داناوە و بە هێز و پلانی تۆکمەوە کار دەکات بۆ:

یەکەم : سێکتەری سیاسی و دیپلۆماسی:

قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و هەڕەشەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، لێکەوتەکانی ریفراندۆم و سەرکێشیکردن بە دەستکەوتەکانەوە لەڕێگەی پەیوەندی تەسکی بەرژەوەندیخواز و تێوەگلان لە ئەجێندای هەرێمایەتی، پاشەکشەیەکی زۆری بە دیپلۆماسی کوردستان کرد، سیاسەتی بە حزبیکردنی نوێنەرایەتییەکان و قۆستنەوەی کایەی دیپلۆماسی بۆ بەرژەوەندی و بەکارهێنانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وەک ئۆرگانی حزبی، بوونە هۆکاری لاوازبوونی دیپلۆماسییەتی کوردستانی.
یەکێتی بە پشتبەستن بە رێباز و نەهجی سەرۆک مام جەلال کە ئەندازیاری دروستکردنی پەیوەندی سەنگین و پەیداکردنی رایەڵەی دیپلۆماسی و سازدانی دۆستی هەمیشەییە، بۆ گەڕاندنەوەی سەنگی پەیوەندییەکان ئەم بەرنامەیە دەخاتەڕوو:
١– راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزاری و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاکە حزبی.
٢ -سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و هاوسەنگ و نەهێشتنی گرژییە ئەمنی و سەربازییەکانی سنوری نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لەڕێی دانوستانەوە.
٣ -نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێ و دونیا وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بێت و لە دەستێوەردانی حزبی دووربخرێتەوە.
٤ -رێکخستنی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدای پایتەخت وەکو دامەزراوەیەکی نیشتمانی کە خزمەت بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، کە پلان و رێکاری ئیداری، یاسایی، دیپلۆماسی خۆی هەبێت و لەسەر بنەمای ئەو پلان و رێکارەش ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
٥ -فەراهەمکردنی ئازادی سیاسی و حزبی و جێبەجێکردنی سیستمی فرەحزبی لە هەرێمی هەرێمی کوردستاندا.
٦ -دانانی ستراتیژێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەڕێی دانوستان و لە چوارچێوەی دەستور بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم و چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی دیکە بەشێوەیەکی ریشەیی.
٧ -رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ پەرلەمانی کوردستان، کە وەک دامەزراوەیەکی یاسادانان و چاودێری کە دوور لە گوشاری حزبی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
٨ -جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەردەکرێن، رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ سەرجەم لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان تا بتوانن چاودێری و هەڵسانگاندن و بەدواداچوون بۆ کاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
٩ - دانانی دەستورێکی پەسەند بۆ هەرێمی کوردستان.

دووەم: سێکتەری كارگێڕی و ئابوری :

كارگێڕی و ئابوری گرنگترین و کاریگەرترین پایەکانی حکومڕانیین، سەرکەوتن و شکستی هەر دەسەڵاتێکیش پەیوەستە بە سەرکەوتنی سێکتەری کارگێڕی و دارایی وڵاتەکەوە. هەرێمی کوردستان هەرچەندە وڵاتێکی پڕ خێروبێرە، بەڵام بەهۆی قۆرخکاری و نادادپەروەری پەیڕەوکراوەوە لەلایەن حزبی زۆرینەی حکومڕانەوە، دۆخی ئیداریی و دارایی نەک هەر ناسەقامگیرە، بەڵکو بەدەست خراپترین مۆدێلی حکومڕانیەوە دەناڵێنێت. ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەم بوارەش بەرنامەیەکی نوێمان داڕشتووە کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

١ - رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گشتی.
٢ -کۆتاییهێنان بە جیاکاری نێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستان و وەستانەوە بەڕووی ئابڵوقەی دارایی لەسەر ناوچەو دەڤەرەکان و دابەشکردنی بودجەو خەرجی پرۆژەکان، بەپێی پلانێکی گونجاو لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری.
٣ -کۆتاییهێنان بە یاساشکێنی و تەزکیەی حزبی لەناو دامودەزگا حکومییەکانی هەرێم و پەیڕەوکردنی بنەمای هاوڵاتیبوون لە مامەڵەکردندا.
٤ -ڕێگرییکردن لە بەکارهێنانی دامودەزگا حکومییەکان بۆ بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی و حزبیی.
٥ -دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانەو لەسەر بنەمای پسپۆری و شارەزایی و شەراکەتی ڕاستەقینەو شاییستەیی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان و بێ جیاوازی.
٦ - کاراکردنی زیاتری سیستمی یەک پەنجەرە بۆ راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکاندا.
٧ - کارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی دامەزراوەیی پشتبەستوو بە پلانێکی ستراتیژی و زانستیانەی کورتمەودا و درێژمەودا.
٨ - دابینکردنی پێداویستییە کارگێرییەکان بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە خۆجێیەکان و قەزاو ناحییەو گوندەکانی هەرێم، بێ جیاوازی و جیاکاری.
٩ - کارکردن بۆ دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کار بۆ هەموو هاوڵاتیان لەسەر بنەمای تواناو پسپۆڕی و پێداویستی ، کە دوور بێت لەلایەنگیری و ئینتمای حزبی.
١٠ - سیستمی لامەرکەزی ئیداری بەشێوەیەکی کردەیی لە ناوەندەوە شۆڕببێتەوە بۆ پارێزگاو ئیدارەو قەزاو ناحییەکانی هەرێم.
١١ - جیاکردنەوەو دوورخستنەوەی موچەو قوتی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم مووچەخۆران و چارەسەرکردنی پرسی موچە بەشێوەیەکی یەکجارەکی لەڕێگەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە .
١٢ -گرنگیدانی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆیی، بەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەرەخسێت و هەرێمی کوردستان ئاوەدانی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
١٣ - رێکخستنەوەو پێشخستنی سیستمی بانکی لەهەرێمی کوردستان.
١٤ -رێکخستنەوەی باج و رسومات، کەمکردنەوەی نرخی ئاو و کارەبا و هاوتاکردنیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و بەشێوەیەک لەگەڵ ئاستی بژێوی ژیانی هاوڵاتیاندا بگونجێت .
١٥-پێداچوونەوە بە سیاسەتی نەوتی هەرێم و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، و دەرکردنی یاسایەکی نوێی نەوت و گاز بەپێی بنەماکانی دەستوور.
١٦ - کۆتایهێنان بە دیاردەی دەرهێنان و بەقاچاخ بردنی نەوتی هەرێم.
١٧ -دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە چۆنیەتی پاراستنی کانزاو سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان.
١٨ -رێکخستنەوەی گومرگەکانی هەرێم بەشێوەیەکی سەردەمیانەو هاوسەنگ.

سێیەم: کەسوکاری قۆربانیان و ئەنفالکراوان، کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان

مافە بەدەستهاتووەکانی گەلەلکەمان و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی بەرهەمی قوربانییەکانی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و ئەنفالکراوان، کەمئەندامانی سەنگەرە، بۆیە خۆیان و کەسوکار و نەوەکانیان شایەنی ژیانێکی شاییستە خزمەتی زیاترن. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە حزبی شەهیدان ناسراوە و خاوەنی زۆرترین قوربانیدانە، کار دەکات بۆ:
١- هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازاتەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم لەگەڵ موچە و ئیمتیازاتەکانی شەهیدان لە عێراق.
٢- هاوتاکردنی موچە و ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ موچە و ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیانی سیاسی لە عێراق.
٣- دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکار و نەوەکانی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و ئەنفالکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر.
٤- هاوکاریکردنی ماددی کەسوکار و نەوەکانیان لە پرۆسەی خوێندن و هاوسەرگیری.
٥- ئەولەویەتدان بە کەسوکار و نەوەکانیان لە دامەزراندندا.
٦- پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی بە کەسوکار و نەوەکانیان.
٧- چارەسەرکردنی پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێبەرانبەر و هاوکاریکردنیان لە حاڵەتی چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و لە دەرەوی وڵات.

چوارەم : ناوچە دابڕێندراوەکان و ماددەی ١٤٠

یەکێتی وەک پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژی دەڕوانێتە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر وەک چۆن لە رابردوو هەموو هەوڵە سیاسییەکانی لەپێناو گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بووە بە پێی دەستور بۆ سەر ئیدارەی هەرێم، لە ئێستاشدا سوورە لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە، بۆ ئەمەش لە بەرنامەیدایە:
١- هەوڵدان بۆ کاراترکردنی ماددەی ١٤٠ دەستووری هەمیشەیی عێراق و جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی.
٢- ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سەربازی و سیاسی ناوچە دابڕێندراوەکان کە بەهۆی لێکەوتەکانی ریفراندۆمەوە بە دۆخێکی نا سروشتیدا تێدەپەڕێت.
٣- جەختکردنەوە لەسەر پشک و شایستەیی کورد، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا .
٤- بەردەوامبوون لە هاوکاریکردنی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەتی کوردنشینەکان کە بەهۆی پشتگوێخستنیان لەلایەن ئیدارە سەپێندراوەکانەوە گرفتیان زۆرە.
٥- پاڵپشتیکردنی خوێندنی کوردی لەو ناوچانە و وەرگرتنی رێژەیەکی باش لە خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم.
٦- هاوکاریکردنی دەزگا رۆشنبیری و هونەری و وەرزشییە کوردییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

پێنجەم : سێکتەری ئاسایش و پێشمەرگە:

دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ پێشمەرگە و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی دیکە هەمیشە جێی بەیاخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هاوکات سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانیش، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی مانەوەی سیستمی سیاسی هەرێم. پرسی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پرۆژەی هاوپەیمانان بۆ جێکردنەوەی پێشمەرگە لەژێر یەک سوپای نیشتمانیدا بووەتە مەرجی مامەڵە و مەرجی پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی بەرنامەیەکی هاوچەرخ و هاوسەنگ بۆ کۆی کایەکانی پەیوەست بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، کۆشش دەکات بۆ :
١ - پێداچوونەوەو هەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە پێشمەرگە، لەپێناو زامنکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ پێشمەرگە و خانەنشینان و کەمئەندامان و کەسوکاری شەهیدان.
٢ ـ هاوتاکردنی مووچەو دەرماڵە و هەموو ئیمتیازاتەکانی پێشمەرگەو خانەنشینانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان.
٣- دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ پێشمەرگەو پێدانی پێشینەی خانوبەرە.
٤- بایەخدان بە نەوەکانی پێشمەرگە و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان.
٥ ـ چارەسەرکردنی پێشمەرگەو کەسوکارەکانیان لە نەخۆشخانە گشتییەکان، بێبەرانبەر و هاوکاریکردنیان بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و لە دەرەوەی وڵات لەحاڵەتی پێویستدا.
٦ -پاراستن و چەسپاندنی سەروەری یاسا سەربەخۆیی دادگاکان و دوورخستنەوەی لە هەر دەستوەردانێک.
٧ - یەکخستنەوەو رێکخستنی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای (سازان – هاوسەنگی، هاوبەشی).
٨ ـ چاکسازی دامەزراوەیی لە دەزگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی پرەنسیپە زانستییە سەربازییە هاوچەرخەکان و یاسای چاکسازی هاوپەیمانان.
٩ - رێکخستنی مەراسیمی ڕێزلێنانی ساڵانە بۆ ئەو کەسانەی کە بە دڵسوزانە و سەرکەوتووانە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیاندا خزمەت دەکەن.
١٠ - نەهێشتنی گرژییەکانی ناوچە سنورییەکان و ئاساییکردنەوی ژیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.
١١ - بەهێزکردنی کۆلێژە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان.
١٢ - پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پیشمەرگەو هێزە عێراقییەکان و دروستکردنی هەماهەنگییەکی زیاتر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
١٣ - هاوسەنگی و هەماهەنگی لە داڕشتنەوەو جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمنی لە سەرجەم دامودەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمدا.

شەشەم: سێکتەری گەنجان و رۆشنبیری و هونەری:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە گەنجی و بۆ پاراستنی ناسنامە و کلتوری کوردی و گەشەپێدانی رۆشنبیری و هونەر و دەرخستنی تواناکانی گەنجان و پاڵپشتیکردنیان، ئەم بەرنامەیە دەخاتەڕوو:
١ -دانانی پلانێکی گونجاو بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و لاوان لە بوارە جیاوازەکان و چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری.
٢ -دانانی بەرنامەیەکی گونجاو بۆ رێگریکردن لە کۆچی گەنجان و رەخساندنی کەشێکی گونجاو کە کۆچی پێچەوانە دەست پێ بکات.
٣ -ئەنجامدانی فێستیڤاڵ و کۆنفرانسی ساڵانەی هونەری و وەرزشی لە سەنتەری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکانی پارێزگاکانی هەرێم.
٤ -یارمەتیدانی گەنجانی بەهرەمەندی بوارە جیاوازەکان بۆ دەرخستنی تواناو بەهرەکانیان.
٥ – کارکردن بۆ کەمکردنەوەی نرخی ئینتەرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن.
٦ – کەمکردنەوەی بڕە پارەی خوێندنی پارالێڵ و جێگیرکردنی دەرماڵەی خوێندکاران.
٧ - کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری و هوڵی مۆدێرن لە شار و شارۆچکەکانی سنوری هەر چوار پارێزگاکە و ئیدارە سەربەخۆیەکان و قەزاکانی هەرێم.
٨ – بایەخدان و بونیاتنانی ژێرخانی رۆشنبیری و هونەری و پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستیان.
٩ -گرنگیدانێکی زیاتر بە گەنجان و خوێندکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
١٠ -گرنگیدان بە ژیان و بژێوی نووسەرو هونەرمەندان، گرنگیدان بە پرۆژەکانیان و دابینکردنی بودجەی پێویستی ساڵانە بۆ ئەو مەبەستە.
١١ - گرنگیدان بە دروستکردنی پەیکەر بۆ هونەرمەندان و شاعیران و وەرزشوانە نەمرەکانی گەلەکەمان، بۆئەوەی لەیادگە و بیرەوەری نەوەی داهاتوودا بە زیندوویی بمێننەوە.
١٢ -پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان.
١٣ -دروستکردنی شانۆی تایبەت لە سنوری پارێزگاکان و گرنگیدانی زیاتر بە شانۆی کوردی.

حەوتەم: سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا:

سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەهەرێمی کوردستان، لە رووی کوالێتی و پرۆگرامی خوێندن و شێوازی وانەوتنەوەو شوێنی سەردەمییانە بۆ خوێندکاران پێویستی بە گەشەپێدانی زیاترە، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەیەکی تایبەتی داڕشتووە کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
١ –داڕشتنەوەی سیستمی خوێندن لەسەر بنەمای پێگەیاندنی تاک لەڕووی پەروەردەیی و زانستی بەشێوەی سەردەمیانە.
٢ -رێکخستن و چەسپاندنی دەرماڵەی خوێندکاران و کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە خوێندنگاو زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان، بەشێوەیەک کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خوێندکاران دروست نەکات.
٣ -باشترکردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
٤ -کردنەوەی سەنتەری توێژینەوە و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ توێژینەوەی زانستی.
٥ -درووستکردنی پردی پەیوەندییەکی فراوان لەنێوان زانکۆکانی هەرێم و زانکۆکانی عێراق و دەرەوەدا.
٦ -نەهێشتنی جیاوازی لەنێوان خوێندنگا حكومی و ئەهلییەکان لە رووی کوالێتی و پرۆگرامی خوێندنەوە.
٧ -پێشخستنی توانا مەعریفی و زانستییەکانی مامۆستایان لەرێی کردنەوەی خول و پێدانی زانیاری نوێ و دابینکردنی تەکنەلۆژیای زانیاری و مەشق و راهێنانی بەردەوامی ساڵانە و ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێ.
٨ -فەراهەمکردنی سەربەخۆیی ئیداری و دارایی لەزانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ئەوەی دەستکراوەبن لە پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و داهێنان.
٩ - پێدانی قەرزی بچووک بۆ خوێندکارانی خوێندنگا و زانکۆ و پەیمانگا ئەهلیەکان.
١٠ -کردنەوەی دایەنگەی پێشکەوتوو و مودێرن بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کوردستان بەشێوازی هاوچەرخ.
١١ -زیاترکردنی باخچەی ساوایان کە بکرێتە بنەمای خوێندنی هاوچەرخ.
١٢- گرنگیدان بە زمانی دایک لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن.

هەشتەم: سێکتەری تەندروستی
سێکتەری تەندروستی یەکێکە لە سێکتەرە سەرەکی و گرنگەکان کە راستەوخۆ پەیوەندی و کاریگەری بەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە هەیە، لەهەر وڵاتێک کە خاوەن سیستمێکی پێشکەوتووی تەندروستی بێت، لەو وڵاتەدا کۆمەڵگە بە تەندروستی ژیان بەسەردەبەن. بۆیە لە بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا گرنگییەکی تایبەت بە سێکتەری تەندروستی دراوە، کەخۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
١ -رێکخستنی سێکتەری تەندروستی و ئەنجامدانی چاکسازییەکی ریشەیی لەسەر بنەمای زانستی و بەپشتبەستن بەیاسای تایبەت بەو بوارە.
٢ -پاراستنی مافی نەخۆش و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بەنەخۆش و چارەسەرکردنیان بە کەمترین خەرجی و رێکخستنەوەی نۆڕینگەکان.
٣ - گرنگیدانی زیاتر بەکەرتی گشتی و ئەنجامدانی چاکسازی لەو بوارەدا بۆ ئەوەی نەخۆش بەناچاری روونەکەنە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت.
٤ -دابینکردنی ئامێری پێشکەوتووی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم بۆ ئەوەی نەخۆش ناچار نەبێت رووبکەنە دەرەوەی وڵات.
٥ -دانانی پلانێکی گونجاو بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کولێژی پزیشکی و کولێژی پەرستاری و پەیمانگای تەکنیکی تەندروستی، بۆئەوەی لەڕووی توانای مرۆییەوە ئەو بۆشاییە لە نەخوشخانە و بنکەی تەندروستییەکانی شار و شارۆچکە و گوندەکانی هەرێمی کوردستان پڕبکەنەوە.
٦ -دانانی بەرنامەیەکی باشتر و تایبەت بەچۆنیەتی خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە نەخۆشییە گوازراوەکان، ئەمەش بەوە دەکرێت کە ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان لەڕووی تەندروستی و هۆشیاری خۆراکی و راگرتنی پاک و خاوێنی بەرزبکرێتەوە.
٧ -ناردنەدەرەوەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەدەرەوەی وڵات.
٨ – نەهێشتنی قۆرخکردنی بازاڕی هاوردەکردنی دەرمان و کەمکردنەوەی باج و نرخی ستیکەر، ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نرخی دەرمان.
٩ -زیادکردنی تیمەکانی کوالێتی کۆنترۆڵ بۆ رێگریکردن لە دیاردەی هێنانی دەرمانی خراپ.
١٠ - ئەنجامدانی کۆنفرانسی لەپێناو پێشخستنی کەرتی تەندروستی.
١١ -پەیڕەوکردنی سیستمێکی سەرتاسەری تەندروستی و کۆنتڕۆڵکردنی سیستمی هێنانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان و پەیڕەوکردنی هاوتاکردنی نرخی دەرمان لەهەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
١٢ -دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
١٣ -گرنگیدان بە هۆشیاری تەندروستی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا.
١٤ -دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان لەهەموو جێگایەکی هەرێمی کوردستان.
١٥ -پارێزگاریکردن لە پلەی یەکەمی سلێمانی لە بواری تەندروستی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و گواستنەوەی ئەزمونەکە بۆ شارەکانی تری کوردستان.
١٦ -گرنگیدان و پەرەپێدانی تەندروستی خێزانیی.
١٧ -درووستکردنی هەماهەنگی لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بواری تەندروستی.
١٨ -دانانی پلانێکی سەرتاسەری بۆ نەهێشتنی بەدخۆراکی مناڵان لە هەرێمی کوردستان.
١٩ -گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی لەسەر ئاستی کەرتی گشتی و تایبەت، بەپێی پلانێکی گونجاو.
٢٠ -دروستکردنی نەخۆشخانەو بنکەی تەندروستی لە سنوری هەموو پارێزگاکانی هەرێم بەپێی پلانێکی پێویست.

٢١ -هەماهەنگی کردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی بەمەبەستی دابینکردنی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان بۆ سەرجەم ناوچەو دەڤەرەکانی کوردستان.

٢٢- گرنگیدان بە تەندروستی منداڵ، بە تایبەتی منداڵانی ئۆتیزم.

نۆیەم: سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری و ئاژەڵداری :
ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیری و سیستمێکی نوێ هەیە، بۆ ئەوەی سێکتەری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە هەرێم ببێتە بەدیلی سێکتەری نەوت، ئەمەش بەوە دەکرێت سیاسەتێکی روونی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەم سێکتەرە گەشەکردنێکی باشتر و فراوانتر بەخۆیەوە ببینێت و بگاتە ئاستێک کە نەک پێویستیمان بە بەروبوومی دەرەوە نەمێنێت، بەڵکو بەروبوومی خۆمان هەناردەی دەرەوەی وڵات بکەین.
بەرنامەی یەکێتی بۆ سێکتەری کشتوکاڵی و ئاودێری و ئاژەڵداری لەم خاڵانەی خوارەوە پێکدێت:
١ –زیاتر گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ جوتیارانی هەرێم و بوژانەوەی ئەم کەرتە.
٢ -رەخساندنی دەرفەتی گونجاو و دابینکردنی پێداویستییەکانی جوتیاران، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و گەشە بە بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بدرێت.
٣ -گرنگیدان بە سیستمی بازاڕکردن و ساخکردنەوەی کاڵا و بەروبوومی ناوخۆیی و خۆماڵی، سنوردار کردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە هاوردەکان.
٤ -پێدانی قەرز بە جوتیاران بۆ بوژاندنەوەی پرۆژە کشتوکاڵییەکان.
٥ -هاندان و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و دروستکردنی کارگەی تایبەت بەبەرهەمی ئاژەڵداری و کشتوکاڵی.
٦ -رێگریکردن لە گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون.
٧ - بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری جوتیارانی هەرێم و بەردەوام پێدانی رێنمایی و پەیڕەوکردنی شێوازی نوێ لەپیناو بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمەکانیان.
٨ - گرنگیدانی زیاتر بە بەنداوەکان بەتایبەتی دەربەندیخان، دوکان، دهۆک و بەنداوەکانی دیکە و دروستکردنی بەنداوی زیاتر لە ناوچە جیاوازەکان، بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە بواری گلدانەوی ئاو و ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.
٩ - چارەسەرکردنی کێشەی ئاودێری لەو ناوچانەی کە کێشەی ئاودێریان هەیە.
١٠ - داڕشتنی ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە خۆراکی و تۆ و پەین و دەرمانی رووەکی و ئاژەڵانەی کە زیان بە ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان و تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنن.
١١ - دانانی پلانێکی گونجاو بۆ پاراستنی باڵندە و ئاژەڵی کێوی لە هەرێمی کوردستان.
١٢ - بەکلتورکردنی فێستیڤاڵی تایبەت بە خستنەڕووی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان.
١٣ - دابینکردنی کۆگای تایبەت بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنی بەرووبومی جوتیاران لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی هەرێم.
١٤ - گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی ڤێتەرنەری بۆ پاراستنی سامانی ئاژەڵ.
١٥ - لابردنی باج لەسەر بەروبوومی کشتوکاڵی جوتیاران.
١٦ - درووستکردنی عەلوەی هاوچەرخ و کەمکردنەوەی باج لەسەر عەلوەکان .
١٧ - دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بە قەرزی درێژخایەن.
١٨ - درووستکردنی سایلۆ بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان لە سنوری پارێزگاکانی هەرێم.
١٩ - چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و باخەکان بەشێوەیەک کە هاوڵاتیان تیایدا سوودمەندبن.
٢٠- هاوکاریکردنی جووتیاران لە کاتی روودانی رووداوی سروشتی و فەوتانی بەروبوومەکانیان.
٢١ – کارکردن بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکانی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر بتوانن بگەڕێنەوە بۆ دێهاتەکانی خۆیان و گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵی بدەن.
٢٢ -گرنگییەکی زیاتر بە بواری هەنگەوانی بدرێت و پێداویستیەکانی هەنگەوانان دابین بکرێت.

دەیەم: سێکتەری گەشتوگوزار :

هەرێمی کوردستان لە رووی پێکهاتە و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە ناوچەیەکی زۆر گرنگ و گونجاوە بۆ پێشخستنی سێکتەری گەشتوگوزاری، کەدەبێتە هۆی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار و دەتوانێت ببێتە پردێکی پەیوەندی جڤاکی و هونەری و کەلتوری لەگەڵ گەلان و نەتەوەکانی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەراست و باشوری عێراق. بۆ ئەو مەبەستە ئەم بەرنامەیەمان داڕشتووە کەلەم خاڵانەی خوارەوە پێکدێت.
١ – هەرێمی کوردستان بۆ گەشتوگوزاری هەمەجۆر زۆر گونجاوە، چونکە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکان دەیان شوێنی دڵڕفێنی گەشتوگوزاری، سەیرانگا، شوێنەواری مێژوویی وەکو قەڵا، ئەشکەوتی میژوویی، شاخ، شوێنەوار و پەرستگای ئایینی هەیە. بۆیە پلانمان هەیە هەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری بناسێنرێت، تاوەکو لەڕێی ئەو پلانەوە زیاتر سەرنجی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشین.
٢ -داڕشتنی پلانێکی سەرتاسەری بۆ ئەوەی خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان هۆشیاری گەشتیارییان زیاتر بێت و بتوانن بەشێوەیەکی باشتر پێشوازی لە گەشتیاران بکەن.
٣ -دانانی پلانێک بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگاکان و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی گەشتوگوزاری لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان.
٤ -هاندان و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەو سەرمایەدارانەی دەخوازن سەرمایەی خۆیان لە سێکتەری گەشتوگوزاریدا بخەنەگەڕ.
٥ -گرنگیدانێکی زیاتر بە یاری وەرزشی، شاخەوانی، کێبڕکی مەلەوانی، یارییەکانی دیکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.
٦ -ئەنجامدانی چالاکی هونەری، ئاهەنگ و کۆنسێرت و فێستیڤاڵ، بەمەش سەرنجی گەشتیاران رابکێشن تاکو سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
٧ -دروستکردنی یاریگا، هۆڵی وەرزشی، هۆتێلی پێشکەوتوو لە ناوچە گەشتیارییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان.
٨ -گرنگیدان بە شوێنە گەشتیارەکان، بە شێوەیەک کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی داهات و فەراهەمکردنی هەلی کار بۆ گانجان.
٩ -نۆژەن کردنەوەی شوێنەوار و شوێنە گەشتوگوزارییەکان بەشێوەیەکی مۆدێرنی پێشکەوتوو.
١٠ -رێکخستنەوەی نرخ و کرێی سەیرانگا و هۆتێل و چێشتخانەکانی ناوچە گەشتیارییەکان.
١١ -پاراستنی ماف و سەلامەتی گەشتیاران.
١٢ -گرنگیدان بە گەشتیاری ئایینی، شوێنەواری، وەرزشی، هتد....
١٣- گرنگیدان بە گەشتیاری زستانە.
١٤- زیاتر ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکان لەڕێی میدیاو سۆشیال میدیاوە.

یانزەیەم : سێکتەری پیشەسازی و وزە :

پرسی وزە لەهەرێمی کوردستان بووەتە سەرچاوەی بایەخپێدانی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و ساڵانێکە شادەماری ئابوری هەرێمە، بەڵام مامەڵەکردنی ناتەندروست و سیاسەتێکی چەوت بەرانبەر وزە و سەرچاوە سروشتییەکان، هەرێمی کوردستانی رووبەڕووی ئاڵنگاری و هەڕەشەی زۆر کردووتەوە ، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئەندازیاری دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت بووە لە کوردستان، هەر لەسەرەتاوە لەبەرانبەر پرسی وزە دیدگایەکی رۆشن و نەتەوەییانەی هەبووە. کە لێرەدا دید و ستراتیژیەتی یەکێتی بۆ سێکتەری وزە دەخەینەڕوو:
١ -چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە شارو شارۆچکەو گوندەکانی پارێزگاکانی هەرێم و دابینکردنی وێستگەی زیاتری کارەبا.
٢ -چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و وزەو سوتەمەنی لە نێوان هەرێم و بەغدا، هەلی کار بۆ هەزاران هاوڵاتی هەرێم دەرەخسێنێت و خەرجیەکی زۆریش بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بە تایبەتی لە دابەزینی نرخی نەوت و بەنزین و گاز و غاز.
٣ -لەڕێی تیمی یەکێتی لە حکومەتی فیدراڵ کاردەکەین بۆ رێکخستنەوەی پاڵاوگەکانی هەرێم، کە دەرفەتی کار زیاد دەکات و دەبێتە هۆی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لەڕووی سوتەمەنییەوە.
٤ -کاردەکەین بۆ دروستکردنی کارگەی تایبەت بە (دۆشاوی تەماتە، شیرەمەنیەکان، زەیتوون و زەیتی خۆراکی و ترێ) هتد... لە سنوری پارێزگاکانی هەرێم.
٥ -یارمەتیدانی خاوەن کارگەکانی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن و بەرهەمەکانیان زیاتر بێت.
٦ – سوودوەرگرتن لەئەزموونی سەرکەوتووی سلێمانی لە بواری پیشەسازی، بۆ پارێزگاکانی دیکەی هەرێم.
٧ – چاودێرکردنی پاڵاوگەکانی بەنزین و سووتەمەنی، لەڕووی کوالیتی و نرخەوە.

دوانزەیەم: سێکتەری وەرزشی:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پلانێکی سەردەمییانەی داڕشتووە کە دەبێتە هۆی پێشخستنی کەرتی وەرزشی، کە بەرنامەکە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
١ -بەپێی بەرنامەیەکی نوێ گرنگی زیاتر بە بواری وەرزشی بدرێت لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەڕووی تیوری و پراکتیکییەوە کە وەکو وانەیەکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
٢ -کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری وەرزشی لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردەواری بەرەو کۆمەڵگایەکی تەندروست و وەرزشخواز پەروەردە بکرێت.
٣ -وەرزش لەسەر بنەمای سیستمێکی هاوچەرخ ڕێکبخرێت و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی پلانێکی تایبەت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات.
٤ -دروستکردنی فێرگەی تایبەتی وەرزشی لەسنوری هەموو پارێزگاو قەزاو ناحییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی وەرزش.
٥ -گرنگیدان بە بواری وەرزشی لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و فەراهەمکردنی گۆڕەپانی تارتان، یاریگای داخراو، مەلەوانگە، شوێنی یاری زستانە و هتد....
٦ - تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی لە یانەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ وەرزشکاران و گرنگیدان بە تیپە میللییەکان.
٧ - گرنگی زیاتر بە وەرزش بدرێت لە خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
٩ -دروستکردنی یاریگاو سازدانی خول و مەشقی وەرزشی و دابینکردنی پێداویستییە وەرزشییەکان.
١٠ -دارشتنی پلانێکی تایبەت بۆ گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە کەرتی وەرزشیدا، کە دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی کار و فرەیی لە سەرچاوەی ئابوری هەرێمی کوردستان.
١١- وەبەرهێنانی مرۆیی لە کەرتی وەرزش بۆ پێگەیاندنی وەرزشوانی پیشەوەر.

سیانزەیەم : سێکتەری گرنگیدان بە ژنان :

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حزبێکی مۆدێرن و پێشکەوتووخواز گرنگییەکی زۆری بە ژنان داوە و بەشێوەی کردەیی دەرفەتی رەخساندووە کە ژنان بتوانن لە ناوەندە باڵاکانی حزبی و حکومی تواناکانی خۆیان بخەنەگەر، لەبواری حکومیدا سەرۆکی پەرلەمان، وەزیر، بەرپرسی شارەوانی، قایمقام، بەڕێوەبەری ناحیە و دامەزراوەکانی دیکە. ئەم گرنگیدانەش دەگەڕێتەوە بۆ کلتوری سەرۆک مام جەلال کە گرنگییەکی زۆری بە خەباتی ژنان دەدا، بۆیە یەکێتی خەبات دەکات بۆ پاراستنی مافی ژنان و هێنانەکایەی یەکسانی. بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی نوێی داڕشتووە، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
١ -رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان و نەهێشتنی جیاکاری.
٢ -دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنێت تاوەکو ژنان بتوانن لەسەر بنەمای توانا و پسپۆری بەشداری لەسەرجەم دامەزراوە حکومییەکاندا بکەن و پۆستە سیاسییە باڵاکان وەربگرن.
٣ -کارکردن بۆ زیادکردنی رێژەی ژنان لە دامەزراوە حکومییەکاندا، لەسەر بناغەی لێهاتوویی و تواناکان.
٤ -هاندان و پشتیوانیکردنی ژنان بۆ ئەوەی بتوانن لە کەرتی تایبەتدا پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ بکەن و لەرێی ئەو پرۆژانەوە هەلی کار بۆ ژنان برەخسێت، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێم قەرز بە ژنانی خاوەن پرۆژە بدات.
٥ -بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کوشتنی ژنان لە رێگەی دەرکردنی یاسای تایبەتەوە.
٦ -رەخساندنی دەرفەتێکی زیاتری هەلی کار بۆ ژنان لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.
٧ – هاندان و کارئاسانیکردن بۆ خوێندنی ژنان.چواردەیەم: سێکتەری ژینگەپارێزی:

ژینگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رێکخراوە جیهانییەکان بووەتە پرس و خەم و ئەرکی گشتی، چونکە ژیان و مانەوەی مرۆڤ پەیوەندی بەژینگەوە هەیە، لەپێناو پاراستنی ژینگە و بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی کە ئەوەش ئەرکی هێزە سیاسییەکانە، تا لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتی و دانانی ستراتیژیەتی ژینگەیی رێگای دروست پیشانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بدەن. یەکێتی هێزێکی ژینگەدۆست و سەوزپەروەرە، بۆ داهاتووی ژینگە و سەوزایی و پاکڕاگرتنی خاکی پیرۆزی کوردستان ئەم بەرنامە دەخاتەڕوو :
١ -زیادکردنی رێژەی سەوزایی و گەیاندنی بە ئاستی ستانداردی جیهانی.
٢ -گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرانبەر بەو کارگەو دامەزراوە پیشەسازییانەی دەبنە مایەی پیسبوونی ژینگەی هەرێم.
٣ -کارکردن بۆ پاککردنەوەی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە مین و پاشماوەکانی بوردۆمانەکان، لەپێناو ژینگەیەکی پاک و تەندروست.
٤ - دروستکردنی کارگەی ریسایکلین لەهەموو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆیەکان و قەزاکانی هەرێم.
٥ -کاراکردنی فەرمانگەکانی بواری ژینگەپارێزی و دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ رێکخراوەکانی بواری ژینگەپارێزی.
٦ -کردنەوەی کۆلێژ و پەیمانگای پێویست و تایبەت بە ژینگە لەسنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
٧ -پاککردنەوەی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پاشماوەکانی تۆپباران و بۆردومانی فرۆکەکانی وڵاتانی ئیقلیمی و پاشماوەی هێزەکانی رژێمی بەعسی روخاو.
٨ -نەهێشتنی ئەو سەرچاوانەی دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە.
٩ -دابینکردنی پێداویستییە پێشکەوتووەکانی تایبەت بە ئاگرکوژێنەوە کە ساڵانە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە پانتاییەکی فراوانی ژینگەی کوردستان پیس دەبێت، بەهۆی نەبوونی کەرەستە و ئامێری پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە کە زیانێکی زۆر بەر دارستان و شاخەکانی هەرێمی کوردستان دەکەو‌ێت.
١٠ -دابینکردنی پێداویستییە مرۆیی و لۆجستی و داراییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەو لەناوبردنی زبڵ و خاشاکی ناوشار و شارۆچکەکان.
١١ -ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری ژینگەیی و رواندنی دارو درەخت لەسنوری شارو شاروچکەکان.
١٢ -گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بەرانبەر بەو کارگانەی بوونەتە سەرچاوەی پیسبوونی ژینگە.
١٣ -پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کادری ئەکادیمی تایبەت بە هۆشیاری ژینگەپارێزی.
١٤ –هەڵمەتی پاکڕاگرتنی ژینگەی کوردستان لەرێگەی ئەنجامدانی هەڵمەتی وەرزی لەلایەن یەکێتییەوە.

پانزەیەم: کرێکاران و کاسبکاران و پیشەوەران :

کرێکاران و کاسبکاران و پیشەوەران، دەستوبازوی بونیادنەری وڵاتن و بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی کوردستانیین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بایەخێکی زۆرەوە لێیان دەڕوانێت و لە بەرنامەیدایە:
١- دەرکردنی یاسای تایبەت بە پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی کرێکاران و کاسبکاران و پیشەوەران.
٢- دابینکردنی بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران.
٣- گرنگیدان بە رێکارەکانی سەلامەتی کرێکاران.
٤- کەمکردنەوەی باج و رسومات لەسەریان.
٥- دیارکردنی کاتژمێرەکانی کار.

شانزەیەم : سێکتەری پرسی کۆچبەرەکان:

کێشەی کۆچبەرەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کێشە ستراتیژییەکان، چونکە لەڕووی شوێنی نیشتەجێبوون، خزمەتگوزارییەکانی وەکو (کارەبا، ئاو، پێداویستییە پزیشکییەکان، نەخوشخانە، دەرمان، قوتابخانە، تیم و خەرجی بۆ کاروباری شارەوانی، خۆراک و چەندین پێداویستی دیکە بارگرانییەکی زۆریان خستووەتە سەرشانی هەرێمی کوردستان، بەچارەسەرکردنی ئەو کێشە دەیان هەزار ئاوارە دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هەلی کار بۆ دەیان هەزار گەنج و کرێکاری هەرێمی کوردستان دەرەخسێت، لەئەنجامدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باشتر و زیاتر خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، خزمەتگوزارییەکانی دیکەی سێکتەری تەندروستی، پەروەردەیی، شارەوانی یان پێدەگات، سیاسەتی ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی کۆچبەرەکانە و حکومەتی فیدراڵیش لەگەڵ ئەوەیە کە کامپەکانی ئاوارەکان لەسنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابخرێت. چونکە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ئاسایی بوونەتەوە و ناکرێ کامپەکان بۆ ئامانجی سیاسی و وەک بارمتەی هەڵبژاردن و دەستکەوتی دارایی بەکاربێت و رێگری لە گەڕانەوەیان بکرێت.

لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ژمارە ١٢٩

mdi-label هەڵبژاردنی پەرلەمانی mdi-label لیستی یەکێتی
mdi-content-copymdi-share-variantهاوبه‌شکردنmdi-printerچاپکردن
هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار

مەسرور بارزانی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Aug 5th, 2025 5:00AM

دەمپارتی داوای ئازاد کردنی دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەکات

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Aug 4th, 2025 2:30PM

بزوتنەوەی گۆڕان: دوای یانزە ساڵ، خوشک و برا ئێزیدییەکان قوربانین

mdi-calendar Aug 4th, 2025 10:00PMmdi-arrow-left

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری کرد

mdi-calendar Aug 4th, 2025 9:00PMmdi-arrow-left
نوێترین هه‌ریمی کۆردستان
mdi-arrow-left

مەسرور بارزانی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Aug 5th, 2025 5:00AM

بزوتنەوەی گۆڕان: دوای یانزە ساڵ، خوشک و برا ئێزیدییەکان قوربانین

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Aug 4th, 2025 10:00PM

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری کرد

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Aug 4th, 2025 9:00PM

پەیامی قوباد تاڵەبانی لە یادی 11 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەكاندا

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Aug 4th, 2025 5:00PM

دەمپارتی داوای ئازاد کردنی دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەکات

هه‌ریمی کۆردستان
mdi-calendar Aug 4th, 2025 2:30PM
{{ snackbarText }}