کۆردستان باس - ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی سوریا دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بنێت، وتی، "پێویستە گەل خاوەندارێتی لە هێزەکانیان بکەن"، دهشڵێت، "پێداگرییەک لە سوریا و عێراق و تورکیا هەیە کە ناسنامەی کورد قبوڵ نەکەن بهڵام ئهستمه بگهڕێینهوه بۆ پێش ساڵی 2011".
ناوبراو لهمیانی وتارێكدا سەبارەت به ناسنامەی سیاسیی و ڕێکخراوەیی کورد لەپاش شۆڕش و دیدگای چارەسەری دۆزی کورد لە سوریا" له قامیشلۆی رۆژئاڤای كوردستان، رایگهیاند، "نزیکەی 13 ساڵە لە دەسپێکی پڕۆسەی قەیرانی سوریاوە تا ئەمڕۆ، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سوریادا، چارەسەری دۆزی کورد گەیشتوهتە ئاستێکی گرنگ، لە سوریا و ڕۆژئاڤا پڕۆسەی تێکۆشان هەیە".
ئاماژهی بهوهشكرد، پێش شۆڕش ئەو تێکۆشانەی لەڕێگەی پارتە کوردییەکانی سوریاوە بەڕێوەدەبرا، ئاستێکی ڕێکخستنی بنیاتنا، ئەوە لە ساڵی 2011دا شکڵێکی جیای وەرگرت، لە ناوخۆی سوریادا پڕۆسەی بەدەستهێنانی ماف و چاند و پەیوەندیی گەلان، گەیشتە قۆناغێکی نوێ.
ناوبراو باسی لهوهشكرد، "بۆ دانپێدانان بە ناسنامەی گەلی کورد قوربانی زۆر دراوە، لەم ڕوەوە زۆر دەستکەوت بەدەستهاتون، هەندێک گروپ و لایەن و کەس دژی ئەم دەستکەوتە کاردەکەن، بە تایبەتی زمانی کوردی دەکەنە ئامانج، هەندێک بە ئەنقەست دژایەتی دەکەن و هەندێکیش بێ ئاگاییانە، بۆ نمونە؛ قوتابخانەکانی زمانی کوردی ئێمە قبوڵ ناکەن منداڵەکانیان دەنێرین بۆ قوتابخانەکانی ڕژێم، ئەمە هەڵەیە، نەبونی باوەڕە بە داهاتو، دەیان هەزار منداڵ هەن کە لە قوتابخانەکانماندا دەخوێنن".
ئهوهشی وت، "نامومکینە بگەڕێینەوە بۆ پێش 2011، نزیکەی یەک ملیۆن خوێندکار هەن، ئەم بێ هۆشیاری و تێکۆشانە گەشەنەسەندوە لە بنەڕەتدا دەیانەوێت مافەکانی جڤاکێک پێشێل بکەن، حەسرەتی هەمو کورد ئەوە بو ڕۆژێک منداڵەکانمان بنێرین بۆ قوتابخانە، ئەمڕۆ ئەو حەسرەتە هاتەدی، بەڵام لایەن هەیە بەبەهێزی کار بۆ لاوازکردنی ئەم ئامانجە دەکات، ئەم سیاسەتە دژبەرانە تێکۆشانی گەلی کورد لاواز دەکەن، نابێت جڤاکەکەمان ڕێگە بەم کارە بدات، ئەوەش گرنگترین و بنەڕەتیترین دەستکەوتی شۆڕشە".
ئیلهام ئەحمەد دهڵێت، "یەکێک لە دەسکەوتەکانی ترمان، هێزە سەربازییەکانمانە، جیهان هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانمان دەبەستێت، ئەم ئیمکانە بەرەو ڕەوایەتی دەچێت، هەبونی هێزێکی پاراستن پێویستە، نەبونی نابێت، ئەوانەی هەڵمەتی ڕەشکردن دەکەن، نەخۆشی دەرونیان هەیە و بەئەنقەست و ئاگاییانە دەیکەن، پێویستە هێزەکانمان بپارێزین و پێیان سەربەرز بین، جیهان دەڵێت ئەمە هێزێکی بەدیسپلینە، هێزەکەمان لەم ئاستەدا قبوڵ دەکرێت، دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دژی هەمو هێرشێک لەسەر کارن، لە کۆمۆنەکانەوە تا مەجلیسەکان و دامەزراوەکان، هەمویان دەسکەوتێکن، ئێمە ڕەخنەمان هەیە، بەڵام نابێ تەواوی ڕەشبین بین، هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانمان هەیە، دامەزراوەکانمان دژی ئەو هەمو هێرشە کاردەکەن، دروست نییە دژی دامەزراوەکان بوەستینەوە، تا مردن لەگەڵ دەستکەوتەکانی شۆڕشداین، لەو ئاستەدا نایهێڵینەوە، بەرەوپێشی دەبەین، بەشداریکردنی بەئیرادە بۆ بەدامەزراوەیی بون گرنگە".
ناوبراو وتی، بناغەی چارەسەری کێشەکانی سوریا لەسەر چارەسەری دۆزی کورد بەندە"، بەم قسانە ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستەسەر نزیکایەتی حکومەتی شام بەرامبەر دۆزی کورد و وتی، "پێویستە مافی زمانی کوردی بخرێتە ناو دەستوری سوریاوە، پێویستە مافی سەرەتایی ئێمە جێبەجێ بکرێت، پێویستە مافی خۆڕێکخستن جێگیر بکرێت، دەسەڵات لەمەودوا دەبێت گۆڕانکاری ئەنجام بدات، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری لامەرکەزی قبوڵ بکرێت و دەوڵەت لامەرکەزی بێت".
زیاتر وتیشی، "دەبێت قبوڵمان بکات یان ڕژێم ڕوبەڕوی بنبەستێکی تر دەبێتەوە، بۆ چارەسەری پرسی کورد زۆر کۆبونەوە بەڕێوەچو، ڕژێم تەنانەت لە پێدانی دو کاتژمێر پەروەردە بە زمانی کوردی هەڵدێت، واتا بە تەواوی مافی زمانی کوردی ڕەتدەکاتەوە. مۆڵەت بە پارتێکی کوردی نادەن".
هەروەهارونیشیكردهوه، "پێداگرییەک لە سوریا و عێراق و تورکیا هەیە کە ناسنامەی کورد قبوڵ نەکەن. بۆ نمونە لە باشور هەمو دەسکەوتەکان زەوتکرانەوە، بەم ڕێککەوتنەی دوایی تورکیان هێنایە بەعشیقە، واتا دۆسیەی عێراقیش لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت، هەوڵ هەن هەمو دەسکەوتەکانی کورد لەناوببەن، تورکیا ڕۆڵێکی مەزنی هەیە، دەوڵەتی تورکیا بۆ نەهێشتنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەمو کارێک دەکات، دەێرەزور نمونەی ئەمەیە، وێنەی ئێستە ئەوەندەش تاریک نییە، مەترسی هەیە، بەڵام دەرفەتی سەرکەوتنیش هەیە. پێویستی بە خاوەندارێتی و پاراستنە".