کۆردستان باس - سەرکردەیەکی بەرەی گەل دەڵێت، حیزبەکەیان بەهۆی رووداوەکانی 22ی ئابەوە رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە و رێگرییان لێدەکرێ لە ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "دۆخی لاهووری شێخ جەنگی باش نییە."
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٥/١٠/٢٢، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکراونەتەوە، گوایە داوایان کردووە بزووتنەوەی گۆڕان دەنگیان پێبدەن و گوتی، بەرەی گەل داوای لە هیچ لایەنێکی سیاسی نەکردووە دەنگی پێبدات، "هەر بڕیارێک بدرێت بە راوێژ دەبێت."
بە گوتەی شادمان مەلا حەسەن، بەرەی گەل لە چوار پارێزگا لیستی هەیە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان دەربڕی، بەڵام رووداوەکانی 22ی ئاب، کە بە "تاوانێکی گەورە" ناوی برد، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر حیزبەکە هەبووە و گوتی، "دوای رووداوی 22ی ئاب کە تاوانێکی گەورە بەرامبەر بەرەی گەلەکەمان کرا، زیانێکی گەورە بە سەرکردایەتییەکەمان، میدیا و سەرچاوەی داراییمان گەیشتووە."
سەبارەت بە باری دەروونی و گوشارخستنە سەر لایەنگرانیان، شادمان مەلا حەسەن گوتی، "تاوەکو ئێستاش راوەدوونان هەیە؛ هەڕەشە هەیە؛ گرتن هەیە."
لەبارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، شامان مەلا حەسەن گوتی، بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی داراییەوە ناتوانن پۆستەر و فلێکس دانێن یان کەناڵی راگەیاندنی خۆیان هەبێ و گوتی، "ئێمە تەنیا سۆشیاڵ میدیامان هەیە؛ هیچ سەرچاوەیەکی دیکەمان نییە." هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەر بەربژێرەکانیان ویستبێتیان لە رێگەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوە بانگەشە بکەن، "زۆر بە ئاشکرا نەیانتوانیوە، چونکە دەبنە گرفت بۆ ئەو ماڵانەی سەردانیان دەکەن."
شادمان مەلا حەسەن رایگەیاند، رێگری لە ئازادیی بانگەشە و گردبوونەوەیان لە سنووری سلێمانی دەکرێ و گوتی، خەڵک بەهۆی پشتگیریکردنیان لە بەرەی گەل رووبەڕووی لێپرسینەوە و هەڕەشە بوونەتەوە و گوتی، "دوێنێ گەنجێک تەلەفۆنی بۆ کردم و دەستی بە گریان کرد، گوتی من شۆفێری تاکسیم لە یەکێک لە مۆڵەکانی سلێمانی، پۆستم بۆ کاک لاهوور کردبوو، هاتوونەتە سەرم و هەرچی ناشیرینە پێیان گوتووم."
سەبارەت بە دۆخی لاهوور شێخ جەنگی، ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل رایگەیاند، "لە ژوورێکدایە و باش نییە، بەردەوام گوشاری لەسەرە و رۆژێک دەچن بۆیاخی دەکەن و رۆژێک دەستکاریی ژوورەکە دەکەن، هەر خۆی ئەو بۆیاخکردنە خراپە و گومانمان لێی هەیە". شادوومان مەلا حەسەن باسی لە گیراوانی دیکەی لالەزار کرد و گوتی: "هیچ ئامارێکی وردمان لەبارەی گیراوان لا نییە و ئەوانەی گیراون کەسیان دادگایی نەکراوە."
سەبارەت بەو بڕە پارەی لە لالەزاردا بووە، شادمان مەلا حەسەن گوتی، "2,400,000 دۆلار لە لالەزار بووە و براوە، گومان دەکرێ ئەو پەلامارەی ئەو رۆژە کرایە سەر بارەگاکەمان، بەشێکی بۆ ئەو پارەیە بووبێت."
شادمان مەلا حەسەن گوتی، "رووداوی 22ی ئاب کاریگەریی زۆری لەسەرمان هەبووە، بەڵام هاوسۆزیی خەڵک بۆمان زۆرە. ئێمە بەردەوامین و بەردەوامیش دەبین."