کۆردستان باس - باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 41 کۆچبەریان تەواو کردووە، سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
رۆژی چوارشەممە، ٢٠٢٥/١٠/١، ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا گوتی، "ئەو 41 کۆچبەرە بە نایاسایی چوونەتە ناو لیبیاوە."
ئەو 41 کۆچبەرە هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانن و لە رۆژئاوای تەرابلوسی پایتەختی لیبیا دۆزراونەتەوە، پاش ئەوەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە راگیران.
بەگوتەی ئەحمەد سەحاف، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بەشێوەیەکی رێکخراو و هاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی کۆچبەراندا دەکات، گوتیشی "ئێمە لە ژینگەیەکی ئاڵۆزدا کاردەکەین و بە هەموو شێوەیەک هاوکارین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرمی لە تەرابلوس بۆ پاڵپشتیی گەڕاندنەوەی خۆویستانەی کۆچبەران."
دوایین کاروانی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە گەڕێندرابنەوە، 25 کۆچبەر بوون کە لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 68 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە، کە سەرجەمیان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بوون."
بەگوێرەی زانیارییەکان کە لە باڵیۆزخانەی عێراق لە تونس وەرگیراوە، لە ساڵی 2024ـەوە 300 کۆچبەر لە تونسەوە گەڕێندراونەتەوە کە سەرجەمیان کورد بوون و ئێستاش رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 30 کۆچبەری دیکەیان دەستپێکردووە."
هەروەها سەرچاوەیەکی بەرپرسی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 1600 کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە عێراق کە بەشێکیان کورد بوون.