کۆردستان باس - دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رایگەیاند کە تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی هاوڵاتی ئەکبەری حاجی رۆستەمیان لە شاری بەغداد دەستگیرکردووە. تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی لە گەرمیان، بۆ پایتەختی عێراق هەڵاتبوو.
هەینی ٢٠٢٥/٩/٢٦، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥، هاوڵاتی ئەکبەری حاجی رۆستەم لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە قەزای کفری کوژرا. دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی گەرمیان و پۆلیسی گەرمیان، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی ورد کرد".
ئاسایش لە راگەیەنراوەکەیدا دەشڵێت" ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریانخست، کە بکوژەکە پێشتر چووەتە ناو باخی قوربانییەکە و بۆسەی بۆ داناوە. دوای گەیشتنی ئەکبەری حاجی رۆستەم، بە فیشەکێکی دەمانچە کوشتوویەتی. تاوانبارەکە تەنها بە کوشتنەوە نەوەستاوە، بەڵکو ئۆتۆمبێل و مۆبایلی کوژراوەکەی لەگەڵ خۆی بردووە و لە شوێنی تاوانەکە هەڵاتووە. دواتر لە رێگەی ناحیەی سلێمان بەگەوە خۆی گەیاندووەتە بەغداد و لە ناوچەی دۆرە لە ماڵێکدا خۆی حەشارداوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیاندا هاتووە"دوای ئاڵوگۆڕی زانیاریی ورد لەنێوان دەزگای ئاسایشی هەرێم و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، توانرا لە ماوەیەکی کەمدا و لە رێکەوتی ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، شوێنی خۆحەشاردانەوەی تاوانبار ئاشکرا بکرێت و دەستگیر بکرێت. تۆمەتبارەکە ناوی عەبدولعەزیز جاسم مەحمودە، بە رەگەز عەرەبە و تەمەنی ٢٢ ساڵە. دوای رادەستکردنەوەی بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە".
بە گوێرەی ئاسایش لە ئێستادا، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بەردەوامی هەیە.