کۆردستان باس - یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكەم هێزی سیاسی كوردستان بوو كە دوای روخانی رژێم چووە ناو موسڵ و ئێستاش گوزارشت لە هەموو پێكهاتەكانی دەكات، لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەواش رایدەگەیەنێت: بۆ هەڵبژاردن بەرنامەی گشتگیرمان هەیە و هەموو پێكهاتەكانی شارەكە كاندیدیان لە لیستەكەماندا هەیە.
ئاراس محەمەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٠٢٥/٩/١٩، لە بەرنامەی پۆینتنی كەناڵی ئاسمانی كەركوك رایگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوەن رەگ و ریشەیەكی قوڵە لەشاری موسڵ، لە ساڵی 2003 لە دوای روخانی رژێمی بەعس، ئێمە یەكەم هێز بووین هاتینە ناو موسڵ، یەكێتی خاوەن پێگەیە و لای چەپی شارەكە لەلایەن یەكێتییەوە پارێزگاری لێدەكرا و تەنها لەناو سەنتەری شارەكە زیاتر لە 500 کۆژراومان هەیە.
پەیوەست بە میكانیزمی دانانی كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: لە لیستی ئەمجارەماندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، كورد و عەرەب بە هەموو عەشیرەتەكانیانەوە كاندیدیان هەیە، ئەمە جگە لەوەی كاكەیی و توركمانەكان و شەبەك و ئێزدییەكان كاندیدیان هەیە، بۆیە ئێمە نوێنەری تەواوی پێكهاتەكانین واتای ئەوەشە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناو تەواوی پێكهاتەكاندا قبوڵكراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە رووی ئیدارییەوە گۆڕانكاری باشمان كردووە و لە قەزا و ناحییە و یەكە كارگێڕییەكان كەسانی بە توانا دانراون، كە دەتوانن خزمەتی باش بكەن.
پەیوەست بە پەیوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ حكومەتی خۆجێی موسڵ، ئاراس محەمەد رایگەیاند: ئێمە خۆمان حكومەتی خۆجێیمان لە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا پێكهێناوە و بەشێكین لە حكومەت، بۆیە پەیوەندییەكانیشمان زۆر باشن.
لەسەر یەكلیستی لایەنە كوردییەكانیش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لێپرسراوی مەڵبەندی نەینەوا رایگەیاند: لە دەباشان كۆبوونەوەیەكی باڵا لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كرا، سەرۆك بافڵ ئامادەیی تەواوی دەربڕی كە بەیەكلیست كورد بەشداری بكات، بەشێوەیەك پارتی لە كەركوك هاوكاری یەكێتی بێت و ئێمەش لە موسڵ هاوكار و پاڵپشتیان بین، بەڵام وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییان نەدایەوە و پێیان وابوو، ئێمە ناتوانین پارێزگاری كەركوك دابنێین، بەڵام رۆڵ و كاریگەری سەرۆك بافڵ لە بەغدا، یەكێتی توانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێت.
لە كۆتایشدا ئاراس محەمەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەرنامەی گشتگیرمان بۆ هەموو ناوچەكان هەیە و كاندیدەكانیشمان گوزارشت لە ناوچە و پێكهاتەكان دەكەن، چونكە خزمەتكردنی ئەم ناوچەیە ئایندەی كورد لەم ناوچانە بەهێزتر دەكات.