کۆردستان باس - هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری گەرمیان توانیان تیرۆرستێک دەستگیربکەن و رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عیراقی بکەن.
ڕۆژت سێشەممە ٢٠٢٥/٨/١٢، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لە راگەیەندراوێکیدا کە کۆپییەکی بۆ میدیای ڕەسمی یەکێتی نێردراوە،رایگەیاندووە: پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگری ورد و دروست، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری گەرمیان توانیان تیرۆرستێک دەستگیربکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە:تیرۆرستی دەستگیرکراو لەسەرەتای کارو چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) پەیوەندی بەو ڕێکخراوە کردووە و لە چەندین پێگەی ئیداری و سەربازیی کاریکردووە، لەگەڵ براکانیدا دەستیان هەبووە لە کوشتنی چەندین کەس و لەلایەن دادگاکانی عیراقەوە بە پێی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر داواکراوبووە.
لە کۆتایشدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاندووە: پاش دەستگیرکردنی، ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی عیراق کرایەوە بە مەبەستی سزادانی.
