کۆردستان باس - ڕۆژی هەینی ٢٠٢٥/٨/١، جەعفەر شێخ مستەفا سەردانى بارەگای فەوجی چواری هێزەکانی کۆماندۆى لە سنووری گەرمیان کرد و بە هێزەکانی کۆماندۆی راگەیاند، هەرچی لەتواناتاندایە بۆ خزمەتکردنی خەڵک بیکەن.
ئەو وتەیەی لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانەی سەردانێکیدا هات بۆ بارەگای فەوجی چواری هێزەکانی کۆماندۆ لە سنووری گەرمیان کە بەهاوڕێیەتی لیوا روکن عومەر ساڵح فەرماندەی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و موقەدەم دیار عومەر فەرماندی هێزەکانی کۆماندۆ ئەنجامیدا و لەلایەن فەرماندە و ئەفسەران و بەشێک لە پێشمەرگەکانی فەوجەوە بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا.
لەدیدارێکدا، باس لە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و شێوازی پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی کۆماندۆ کرا و لەو بارەیەوە لێپرسراوی ئەنجومەن خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو پێشکەوتنە بەرچاوەی هێزەکانی کۆماندۆ لەڕووی مەشق و راهێنان و چەکسازی و دیسپلینی سەربازییەوە بەخۆیانەوە بینیوویانە، هاوکات جەختیکردەوە کە پێویستە ئەو هێزە نیشتمانییە، وەک هەمیشە، جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازی و ئەمنییەکانی خۆی، بەردەوام بێت لە هەماهەنگیی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت و دانیشتوانی ناوچەکە و هەرچی لەتوانایاندا بۆ خزمەتکردنی خەڵک بیکات.
لەبەرانبەردا فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ، سوپاسی شێخ جەعفەر لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد، کە هەمیشە پشتیوانی هێزەکانی کۆماندۆ بووە و بەگرنگی و بایەخەوە لە ئەرک و پێداویستییەکانیان دەکۆڵێتەوە.
پاشان تیشکی خستەسەر، مەشق و راهێنانە بەردەوامەکانی هێزەکانی کۆماندۆ و شێوازی پێشخستنی توانا سەربازییەکانیان و کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆژیا لەو بوارەدا.
دواتر فەرماندەی فەوج، کورتەیەکی لە کار و چالاکییەکانی فەوجەکەی پێشکەشکرد و باسی لەهاوکاریی و هەماهەنگی پتەوی نێوان هێزەکانیان و خەڵکی ناوچەکە کرد کە سەرەنجام خزمەتێکی باش بە فەراهەمکردنی سەقامگیریی و ئارامیی ناوچەکە دەکات.


