کۆردستان باس - هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە لە ڕەقە و دێرەزوور و حەسەکە و تەبقە دەربچێت، دەشڵێت: پرسی چەکدانان قسەی لەبارەوە ناکرێت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٥/٧/٢٨،هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، ئەو داوایەی ئەمەریکای ڕەت کردەوە کە لەڕێگەی تۆم باراکی نێردەی خۆیەوە بۆیانی ناردبوو، دیارترین داواکانی ئەمەریکا کە لە هەسەدە ئەوەیە، لە ڕەقە، دێرەزوور، حەسەکە، تەبقە بچنە دەرەوە و چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی سووریا بکەن، هاوکات سامانی سروشتی و دەروازە سنوورییەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ حکوومەتی سووریا.
ئەو لێدوانانە لەسەر زاری سیهانوک دیبۆ، نوێنەری هێزەکانی سووریای دیموکراتدا هاتووە و دەڵێت: چەکدانان لەلایەن هەسەدەوە، پرسێکە هیچ گفتوگۆیەکی لەبارەوە ناکرێت، چونکە هەسەدە دەیەوێت ببێت بە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا، هاوکات بەدوای چارەسەری دیکەوەن لە سووریا کە تێیدا گرەنتی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتە و نەتەوەکان و بەشداریی سیاسیی لەخۆ دەگرێت کە ئەوەش لە حکوومەتی ئێستای سووریادا بەدی ناکرێت.
سیهانوک دیبۆ، نوێنەری هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، پێویستە تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو بێت، دەشڵێت: هیچ ناکۆکییەک لەگەڵ ئەمەریکادا نییە و هەماهەنگیی باش لەنێوان ئەمەریکا و هەسەدە هەیە.
دیبۆ ڕایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی سووریا دەکات ئەگەر ڕێککەوتن لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت.
پێشتر، قوتەیبە ئیدلبی، بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاندبوو: هیچ پێشکەوتنێک لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا بەدی نەهاتووە، سەرباری ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ڕابردوو.
قوتەیبە ئیدلبی بۆ کەناڵی هەواڵی سووریا ڕایگەیاندبوو: هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستی بەسەر سەرچاوەکانی سروشتی پارێزگای دێرەزووردا لە ڕۆژئاهەڵاتی وڵاتەکەدا گرتووە.
ئاماژە بەوەش کردبوو، ئەمەریکا تێگەیشتنێکی باشی لەگەڵ حکوومەتی سووریادا بۆ چارەکردنی کۆمەڵێک دۆسییە هەیە، دەشڵێت: کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا کە بڕیارە لە پاریس ڕێک بخرێت، لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدایە کە بۆ تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە سووپای سووریا کراوە.