کۆردستان باس - کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سزای هەر کاندیدێک دەدات ئەگەر بسلەمێنریت کە دەستی لە کڕینی کارتی دەنگدەراندا هەیە.
یەکشەممە، ٢٠٢٥/٦/٢٩، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025، کۆمیسیۆن ڕای گشتی ئاگادار دەکاتەوە ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریی لە هەر پێشێلکارییەک دەگرنە بەر کە مەترسی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دروست بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆندا هاتووە، هەموومان دەزانین کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدەران یان هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن، تاوانی هەڵبژاردنن، کە بە یاسا سزا دەدرێن، ئینجا سەرپێچیکارەکە دەنگدەر بێت یان کاندید، هاوپەیمانی بێت، یان لایەنێکی سیاسی.
ئاماژەی بەوەش داوە، ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر ئەگەر سەلمێنرا ئەو پیشێلکارییانەی کردووە، هەروەها کۆمسیۆن سەرپێچیکارەکە 'ئەگەر کاندید بێت' لە هەڵبژاردن دووری دەخاتەوە و پەسەندکردنی هاوپەیمانی، یان لایەنە سیاسییەکەش هەڵدەوەشێنرێتەوە.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.