کۆردستان باس - بەرگری شارستانی سۆران ڕایدەگەیەنێت" لە سەرەتایی مانگی داهاتوودا سێ مانگ بەسەر ونبوونی مامۆستا ئاڤێستادا تێدەپەڕێت، ئەوکات دەست لە گەڕان هەڵدەگرین".
کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٥/٦/٨، لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تائێستا بەردەوامین لە گەڕان بەدوای تەرمی مامۆستا ئاڤیستا تەنانەت لە رۆژانی پشووی جەژنیشدا بەردەوام بووین".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی یەکەم ٢٤ تیم بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام ئێستا هەشت تیم کە نزیکەی ٦٠ کەسن، لەگەڵ خێزانی ئاڤێستا هەموو رۆژێک بە چڕی بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن.
ئەوەشی خستەروو، لە رۆژانی داهاتوودا ئاوی رووبارەکە زیاتر کەم دەبێتەوە، بۆیە هیوای دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا زیاترە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران باسی لەوەشکرد، ڕۆژی ٥ی تەموز سێ مانگ بەسەر ونبوونی ئاڤێستادا تێدەپەڕێت، ئەوکات راپۆرتی کۆتایی رادەگەیەنن و دەست لە گەڕان هەڵدەگرن.
لە سەرەتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا مامۆستا ئاڤێستای تەمەن ٢٧ ساڵان بەمەبەستی ڕزگارکردنی براکەی کەوتە نێو ڕووباری تەنگاتوور و تائێستاش بێسەروشوێنە کە بۆ گەشت و سەیران لەگەڵ خێزانێکەی سەردانی سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردبوو.