کۆردستان باس - هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان"هەدەپە"، ڕایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە دڵسۆزانە کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی. گوتیشی: پەکەکە بڕیارێکی مێژوویی دا و پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی دەکەین.
دووشەممە ٢٠٢٥/٥/١٢، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕالی، سەردانی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی لە زیندانی ئەدرنە کرد، هەردووکیان لە کۆبوونەوەیەکدا کە نزیکەی 2 کاتژمێری خەیاند تاوتوێی پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیان کرد.
بوڵدان، پەیامی دەمیرتاشی لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە، بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بڕیارەکەی پەکەکە پێشهاتێکی مێژووییە و پێشوازیی لێ دەکەین.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش دا، کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە دڵسۆزانە کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی. هاوکات سوپاسی، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەحمەد تورک، باخچەلی، ئۆجەلان و خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر دەکات، کە ڕۆڵیان هەبوو لە سەرخستنی پرۆسەکە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دەمیرتاشدا هاتووە، پێویستە تورکیا لە هەموو ڕووێکەوە گەشە بکات، هەروەها ئێستا ئێمە بە هیوای ئەو هەنگاوانە دەژین کە بۆ ئاشتی نراون و ئازار و یادەوەری سیری سورەیا ئۆندەر بە ئەزموون دەکەین.