کۆردستان باس - ٢٠٢٥/٣/٣ رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون، رەخنە لە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەگرێت و دەڵێت ئەو وتەبێژی حکومەتی ئەمریکا نییە و دەسەڵاتی گەیاندنی پەیامەکانی نییە.
کلدانی، لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "العهد" وتی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە نوێ نین، بەڵکو لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بەردەوامن، عێراقیش سەلامەتە تا ئەو کاتەی خەڵکەکەی باوەڕیان بە سیستەمی سیاسی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە خوێنی شەهیدانی سەرجەم پێکهاتەکان دامەزراوەو نابێت نیگەران بین لە پەیامی هەندێک لایەنی فێڵباز لە ئەمریکا .
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوداو دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكا لە لێدوانێكدا لە زانكۆی سۆران رایگەیاند، ئەگەری جدی هەیە عێراق، ئێران و ناوچەکە، لە بەردەم کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپدا بن، چی لە رووی ئابوری و هەم لە رووی سیاسیەوە. 
وتیشی: بەرپرسانی ئەمریکی پێیان راگەیاندون، ئەو بڕیارانەی لە داهاتوودا لە دژی حکومەتی عێراق دەدرێن، نابێت جێگەی سەرسوڕمان بن، بەوپێیەی ئامادەکاری بۆ کراوەو، چەندینجار لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی باسیان لەوە کردووە هەنگاوەکانیان بەرو ئاراستەیەن و حکومەتی عێراق نەتانتوانیوە وەکو خۆی خوێندنەوە بۆ پەیامەکانی ئێمە (ئەمریكا) بکەن و بەدەنگییەوە بێن.