کۆردستان باس - ئەندامێکی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە رایدەگەیەنێت" هێرش و کۆمەڵکوژی و دەستگیرکردن ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاکەپە نایەوێت شەڕ ڕابگرێت". دەشڵێت" دواکەوتنی پەیامەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە،ڕۆژی هەینی ٢٠٢٥/٢/٢١ لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی كەناڵی مێدیا هەبەردا، رایگەیاند" هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، کۆمەڵکوژی ڕۆژنامەنوسان، دەستگیرکردن و زیندانی کردنەکان لە باکوری كوردستان نیشاندەری ئەوەن کە ئاکەپە نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت".
کاڵکان دەشڵێت" دواکەوتنی ئەو لێدوانەی کە بڕیار بوو لە ١٥ی شوبات لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە بیدات، بەهۆی بزووتنەوەی کوردەوە نەبووە".
وتیشی" تێکۆشان لە بەرانبەر پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەستگیركردنی ئۆجەلان، گۆڕاوە، ئەم تێکۆشانە لە ٢٧ەمین ساڵدا هێندەی تر بەهێزتر، فراوانتر و قوڵتر دەبێت، دەمانەوێت لە ٢٧ـەمین ساڵدا ئەنجام بەدەست بهێنین، تێکۆشانی ٢٧ەمین ساڵ، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت، ئەمەش ئامانجمانە، بێگومان دەبێت مەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و کار بکەین".
دوران کاڵکان ڕاشیگەیاند" ئێمەش بە بڕیارین بزوتنەوەکەمان زۆر جار لەو بارەوە لێدوانی داوە، بەبۆنەی ساڵوەگەڕی پیلانگێڕییەوە، هەموو ناوەند و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەکەمان لێدوانیان داوە و هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کردووە، هەروەها پەکەکە لەم بارەیەوە لێدوانی دا و بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە چۆن سەیری پرۆسەکە دەکات و چۆن لێی نزیک دەبێتەوە و هەڵوێستی چییە، ئێمە هەمیشە دەڵێین تا ئێستا بەگوێرەی بڕیارەکانی ڕێبەر ئاپۆ نزیکی دۆخەکە بوینەتەوە و بە دڵنیاییەوە لەمەودواش ئەم هەڵوێستەمان بەردەوام دەبێت".
جەختیشیکردەوە، هەرچییەک بکەن و هەرچەند هەوڵ بدەن، ئازادی کورد مسۆگەر دەبێت و تورکیاش بەرەو دیموکراسی دەچێت، ئەوانەی دەیانەوێت لەمبارەوە ڕێگر بن لە هەوڵی ئەوەدان ناکۆکی و شەڕ له نێوان گەلی کورد و تورک دروست بکەن و بەمشێوەیە قازانج دەبینن، بەڵام شکست دەهێنن.
کاڵکان وتیشی" ئێستا هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی لەو شێوەیە نییە و هیچ جیهانێکی لەو جۆرە نییە، بێگومان لەم جیهانەدا هیچ یاسایەک بۆ کورد نییە، هەروەها کورد سوودی لە هیچ یاسایەک نەبینیوە، هەر بۆیەش هیچ کەسێک قسە ناکات، ئەوەی دەگوزەرێت دەبێت وەک خۆی بمێنێتەوە ئەم نادادپەروەرییە، و دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکەن، و کار بۆ کۆتایی هێنان بە سیستەمی گۆشەگیری و جینۆساید بکەن".