کۆردستان باس - ٢٠٢٥/١/٣١ ترەمپ: نەموتووە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێنمەوە، نازانم سەرچاوەی ئەو راپۆرتانەی باس لەوەدەكەن، روانگەی سوری: ئەمریكا بەردەوامە لە رەوانەكردنی كەرەستەی سەربازی و لۆجستی بۆ رۆژئاوای كوردستان
لەم مانگەدا 220 بارهەڵگرو باری 22 فرۆكە هاوكاری رەوانەكراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێكدا لە كۆشكی سپی، لەبارەی ئەو راپۆرتانەی باس لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە سوریا وتی:" نەمووتوە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێنمەوەو نازانم سەرچاوەی ئەو راپۆرتانە.
رۆژی سێ شەممەی رابردوو، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویكردەوە: بەرپرسانی دیاری كۆشكی سپی پەیامیان ناردووە بۆ هاوتا ئیسرائیلیەكانیان و پێیان راگەیاندون، سەرۆك ترەمپ بەنیازە سوپای ئەمریكا لە سوریا بكشێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردبوو، كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا مەترسییەكی قوڵ لای سەركردە سەربازی و سیاسیەكانی ئیسرائیل دەوروژێنێت.
لەلایەكی ترەوە، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، سوپای ئەمریكا بەردەوامە لەناردنی كەرەستەی سەربازی و لۆجستی لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و، تەنها لەم مانگەدا 197 بارهەڵگرو22 فرۆكە كەرەستەی سەربازی و لۆجستی گەیشتوونەتە بتكە سەربازییەكان لەچوارچێوەی رەوانەكردنی هاوكارییە سەربازییەكان.